شەو ڕاشکا [Shaw Rashka] lyrics
شەو ڕاشکا [Shaw Rashka] lyrics
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپروچکا
دەرگەکەتم لێ بکەوە
ئەمشەو هاتووم
بۆ چنینی
چەپکە نێرگزێکی چاوت
بۆ وچانێ
بۆ خەونێ، تۆزە گریانێ
لەسەر هەوری قژی خاوت
ئەمشەو هاتووم
ترووسکایی شاری یادگار بانگی کردوم
لەگەڵ سیمای مناڵیما
لەگەڵ خەمی شۆڕەبیما
هاتووم ناگەڕێمەوە
یا پێت دەگەم
یا وەک مۆمێک
دەسوتێم و دەتوێمەوە
دەرگەکەتم لێ بکەوە
هەر دڵدارەکەی جارانم
هەر کێڵگەکەی بەر دەرگەتم
هەر تێنوەکەی بەر کڕێوە و با و بارانم
دەرگەکەتم لێ بکەوە
من ئەو کەسەم
تا دوێنێ بوو
لە ناو گەرووی ڕوناکیدا دەتشاردمەوە
لە ناو جامی مەترسیدا دەتخواردمەوە
کات لە ژێر باڵی ئاسمان
خەریکە باوێشک دەدا
شوێن قەلەڕەشێکی کپە
دەرگەکەتم لێ بکەوە
شتێک نیە شیرینتر بێ
لە خشپەی پێ و چرپەی چپە
دەرگەکەتم لێ بکەوە
کفت و ماندووی ڕێگای دوورم
وەکو جاران کەمێک لەلات دەمێنمەوە و ڕادەبوورم
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا
دەرگەکەتم لێ بکەوە
دار و بەردی بەر دەرگەتان هاتنە تکا
- Artist:Abdulla Pashew